«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەیامەکەی دا ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەواز ئاڕاستەی هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکات بۆ وەلانانی جیاوازییەکان و کارکردنی پێکەوەیی لەم قۆناغەدا بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە چونکە دەسەڵات بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، ئەو کاری پێکەوەیەش بەمەبەستی "رزگارکردنی گەلەکەمان"ە و، لەو پێناوەشدا داوای پاڵپشتی لە هەمو حزبەکانی دیکە و رێکخراو و رێکخستنەکان دەکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەم کاتەدا بۆ بەهانەوەچونی لێقەواماوانی بوومەلەرزەکە وا ھەڵدەگرێ هەموو شارەوانییەکان، مانگی سووری تورکیاو هەموو تیمە فریاگوزارەکان و هاوڵاتیان لە هەموو شارو گەڕەکەکان و گوندەکان بەگوێرەی توانا هاوکاریی بکەن و یارمەتی کۆکەنەوە، با ناوەندگەلی هەماهەنگی لەهەموو تورکیا دروست بکرێن و ئەو یارمەتیانە بگەیەنن بەشوێنی مەبەست.
هاوسەرۆکی پێشوتری (هەدەپە) ئەوەش ڕاگەیاندووە کە، ئەگەر دەوڵەت، هاوڵاتیان، حزب، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمپانیا گەورەکان نەتوانن بەتەواوی هاوکاری لێقەوماوان بکەن، ژمارەی قوربانییەکان لە ١٠٠ هەزار کەس تێدەپەڕێت، ئەگەر هاوکارییەکانیش زیاتر دوابکەون "کارەسات" دروست دەبێت، بۆیە پێویستە ناکۆکییەکان بخرێنەلاوە و لە مرۆڤایەتیدا پێویستە هەموان یەک بگرین.
342/